واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بێست و دەزگای ڕوانگە
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بێست بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئەکادیمی و پرۆژەی "زانکۆی دڵخوازم"، سەردانی دەزگای ڕوانگەیان کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە بەڕێزان؛ (مامۆستا ئامانج یونس)، سەرۆکی دەستەی ئەمینداران، (دکتۆر کاروان حسێن)، ڕاگری پەیمانگە، (محەمەد شاخەوان)، بەڕێوەبەری تۆمار، و (پشتیوان هیمداد)، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان. لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە، شاندەکە لەلایەن بەڕێزان؛ (حەسەن عەلائەدین ئەحمەد)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگا، (بارزان نەزهەت حالی)، جێگری بەڕێوەبەر، و (عیسا حەمید)، بەڕێوەبەری بەشی ڕوانگە خوێندن بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە میانەی دیدارەکەدا، چەندین تەوەری تایبەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی چالاکیی ئەکادیمیی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا کرایەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، یاداشتی لێکگەیشتنی تایبەت بە پرۆژەی "زانکۆی دڵخوازم" لە نێوان هەردوو دامەزراوەکەدا واژوو کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بێست، لە پاڵ پێشکەشکردنی چەندین داشکاندن لە کرێی خوێندندا بۆ ڕێکخراوی ناوبراو، ژمارەیەک کورسیی خوێندنی دیاریکراویشی پێشکەش بە دەزگاکە کرد.